خەڵاتی ” تەیفوور بەتحایی” بۆ فیلمی دێکۆمێنتاری
بەڕێزان، ئامادە بووانی مەراسمی ماڵاوایی لە نەمر کاک تەیفووری بەتحایی
کۆچی دوایی مامۆستا تەیفووری بەتحایی، تەمێکی خەستی هێناوەتە سەر دیدەی بێداری ئاشقانی ئازادی و ڕێڕەوانی هونەر و داهێنانی دەروەست، موتەعهێد و سەربەخۆ، بەڵام لە هەمان کاتدا، دیوێکی دەروشاوەی لە بەرهەمی ئەندێشە و هونەری ئەم کەسایەتییە خاکەڕایە دەرخست، کە بۆ زۆر کەس نائاشنا بوو.
کاک تەیفوور، جگە لە ناوبانگی لە بواری سیاسی و چالاکیی ڕێکخراوەییدا، فیلمسازێکی پێشەنگ و دەسپێشخەری بەرهەمهێنانی فیلمی بەڵگەنامەیی و دێکۆمێنتاری کوردستانە، بەرهەمهێنانێکی ناوازە کە بێ هیچ گومانێک، بەشێکی دیار و بەرچاوی مێژووی هونەری ئێمە و نەتەوەکانی دیکەی جوغرافیای سیاسی ئێستەی ئێرانە . بۆیە دەڵێین ئێران، لەبەر ئەوەی، ناو و کەسایەتی، خەبات و ناوبانگی کاک تەیفووری بەتحایی، لە جوغرافیای سیاسی ئێراندا، ناسراوە و خەمخۆریی بەڕێزیان، بۆ بەختەوەری و ئازادی چین و توێژە جیاجیاکانی کورد و نەتەوەکانی دیکە، بۆ هەمووان ئاشکرایە .
بەتحایی لەسەردەمانێک دا، کاری فیلمی بەڵگەنامەیی کردوە، کە بە دژوارترین رۆژ و شەوانی نەتەوەی ئێمە لە کاتی بەربەرکانێ بۆ پاراستنی کەرامەتی ژیان و ئازادی مرۆڤی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا، تۆمار کراوە.
هزر و هەست و بەرپرسایەتی ئەم هونەرمەند و نووسەرە، لە تۆمار کردنی تەقەلای میلەتێک بۆ ژیان و مانەوە و پاراستنی کەرامەتی ئینسانیی خۆی، جێگەی بایەخ و ڕێزلێنانە.
زۆرن ئەو کەسانەی بە مردنیان، لەیاد و بیرەوەری خەڵکدا نامێنن و بای رۆژگار، ناو و پێگە و بەرهەمیان دەسڕێتەوە، بەڵام بە خۆشییەوە، مەرگ ناتوانێ و نەیتوانیوە کاک تەیفوورمان لێ بستێنێ وژیانی نوێی تەیفووری بەتحایی، لە بەرهەمە سینەمایی و نووسراوەکانی دا، لە ئیمان و باوەڕی پتەوی بە خەبات بۆ بەختەوەریی مرۆڤ و ئەو یادگارییە بەنرخانەی کە لە سەربەخۆ بوونی کەسایەتی خۆی بەجێهێشتووە، لە هەست و بیر وباوەڕی یەک بەیەکی ئێمەدا دەستی پێکردووە .
بۆیە، ئەرکی سەرشانی ئێمەیە، کە بە شێوازی گونجاو، ڕێز لە بەرپرسایەتی و خەبات و داهێنانی بەتحایی، بەتایبەت لە بواری فیلمسازی دا بگرین و زەمینەیەک بۆ هاندانی لاوانی داهێنەر فەراهەم بکەین، تا مەشخەڵی دەستە بەتواناکانی هاوڕێی کۆچکردوومان، تا هەتایە، لە ئاسۆی کلتوور و فەرهەنگی کوردستان و رۆشنبیرانی ئەو نەتەوەانەی بۆ ئازادی و بەختەوەری مرۆڤی چەوساوە تێدەکۆشن ، بدرەوشێتەوە.
لەم پێوەندییەدا، بە پێویستی دەزانین، دانانی خەڵاتی ” تەیفووری بەتحایی” بۆ فیلمی دێکۆمێنتار و بەڵگەنامەیی، ڕابگەینین.
ئەم خەڵاتە کە بە هیمەتی چەند کەس لە فیلمسازانی کورد و ئاشقانی فەرهەنگ و کلتووری کوردی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دادەمەرزێت، بەو بەرهەمانە پێشکەش دەکرێت، کە لە بواری سینەمای موستەند و بەڵگەنامەییدا، بە شێکەوازێکی نوێ و داهێنەرانە دەپەرژێنە سەر کێشەی کورد لە چوارپارچەی کوردستان و هەر شوێنێکی دیکەی دونیا و داکۆکی لە ئازادی و مافی سەربەستی نەتەوەکان لە جیهاندا دەکەن، بەرهەم دێن .
زانیاری زیاتر لە چۆنیەتی کاری خەڵاتەکە، دواتر لە ڕاگەیندراوێکی تایبەت دا، بڵاو دەکرێتەوە.
پێویست بە ئاماژەیە، کە ئەم خەڵاتە، سەربەخۆیە و لە چوارچێوەی هیچ حزب و سازمان و رێکخراوێکدا کار ناکات .
هەر لەم پێوەندییەدا، داوا لە ئێوەی بەڕێز دەکەین، کە بەقەدەر توانا، دەرفەت و خولیاتان، لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەم ئەرکە پیرۆزەدا، یاریدەرمان بن.
بەدەرفەتی دەزانین کە هەر لێرەوە، سەرەخۆشی خۆمان بە بنەماڵەی بەڕێزی کاک تەیفوور و هەموو ئازادیخوازان و ئەمەکدارانی هونەری کوردستانی ڕابگەیەنین و ئارزووی سەبووریان بۆ بخوازین .
بەرز و بەڕێزە یاد و ناوی نەمر تەیفووری بەتحایی .
دەستەی دامەزرێنەری خەڵاتی تەیفوور
Comments are closed.