یاد و ناوی کاک تەیفور له دڵی هەمو خەباتکارێکی ڕێگای ئازادی و یەکسانی زیندووە.
خەبات له دژی دیکتاتۆری و زۆرداری و سەرکوت یەکێک لە ڕۆڵە به ئەمەگەکانی خۆیی له دەستدا و هەمو هاوڕێیان و ئەۆانەی له نزیکەوە دەیانناسی خەم و پەژارە دایگرتن.
هادەردەم له گەڵ ژیلا خانم هاوسەری ڕێزدار و ماندوونەناسی کاک تەیفور، هەژان و ئایدا و گشت خانەوادەی ئازیزیان.
ناو و یادی زیندووە و بەرز و بەڕێزە
رووف کەعبی
]]>
]]>کۆچی دوایی مامۆستا تەیفووری بەتحایی، تەمێکی خەستی هێناوەتە سەر دیدەی بێداری ئاشقانی ئازادی و ڕێڕەوانی هونەر و داهێنانی دەروەست، موتەعهێد و سەربەخۆ، بەڵام لە هەمان کاتدا، دیوێکی دەروشاوەی لە بەرهەمی ئەندێشە و هونەری ئەم کەسایەتییە خاکەڕایە دەرخست، کە بۆ زۆر کەس نائاشنا بوو.
کاک تەیفوور، جگە لە ناوبانگی لە بواری سیاسی و چالاکیی ڕێکخراوەییدا، فیلمسازێکی پێشەنگ و دەسپێشخەری بەرهەمهێنانی فیلمی بەڵگەنامەیی و دێکۆمێنتاری کوردستانە، بەرهەمهێنانێکی ناوازە کە بێ هیچ گومانێک، بەشێکی دیار و بەرچاوی مێژووی هونەری ئێمە و نەتەوەکانی دیکەی جوغرافیای سیاسی ئێستەی ئێرانە . بۆیە دەڵێین ئێران، لەبەر ئەوەی، ناو و کەسایەتی، خەبات و ناوبانگی کاک تەیفووری بەتحایی، لە جوغرافیای سیاسی ئێراندا، ناسراوە و خەمخۆریی بەڕێزیان، بۆ بەختەوەری و ئازادی چین و توێژە جیاجیاکانی کورد و نەتەوەکانی دیکە، بۆ هەمووان ئاشکرایە .
بەتحایی لەسەردەمانێک دا، کاری فیلمی بەڵگەنامەیی کردوە، کە بە دژوارترین رۆژ و شەوانی نەتەوەی ئێمە لە کاتی بەربەرکانێ بۆ پاراستنی کەرامەتی ژیان و ئازادی مرۆڤی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا، تۆمار کراوە.
هزر و هەست و بەرپرسایەتی ئەم هونەرمەند و نووسەرە، لە تۆمار کردنی تەقەلای میلەتێک بۆ ژیان و مانەوە و پاراستنی کەرامەتی ئینسانیی خۆی، جێگەی بایەخ و ڕێزلێنانە.
زۆرن ئەو کەسانەی بە مردنیان، لەیاد و بیرەوەری خەڵکدا نامێنن و بای رۆژگار، ناو و پێگە و بەرهەمیان دەسڕێتەوە، بەڵام بە خۆشییەوە، مەرگ ناتوانێ و نەیتوانیوە کاک تەیفوورمان لێ بستێنێ وژیانی نوێی تەیفووری بەتحایی، لە بەرهەمە سینەمایی و نووسراوەکانی دا، لە ئیمان و باوەڕی پتەوی بە خەبات بۆ بەختەوەریی مرۆڤ و ئەو یادگارییە بەنرخانەی کە لە سەربەخۆ بوونی کەسایەتی خۆی بەجێهێشتووە، لە هەست و بیر وباوەڕی یەک بەیەکی ئێمەدا دەستی پێکردووە .
بۆیە، ئەرکی سەرشانی ئێمەیە، کە بە شێوازی گونجاو، ڕێز لە بەرپرسایەتی و خەبات و داهێنانی بەتحایی، بەتایبەت لە بواری فیلمسازی دا بگرین و زەمینەیەک بۆ هاندانی لاوانی داهێنەر فەراهەم بکەین، تا مەشخەڵی دەستە بەتواناکانی هاوڕێی کۆچکردوومان، تا هەتایە، لە ئاسۆی کلتوور و فەرهەنگی کوردستان و رۆشنبیرانی ئەو نەتەوەانەی بۆ ئازادی و بەختەوەری مرۆڤی چەوساوە تێدەکۆشن ، بدرەوشێتەوە.
لەم پێوەندییەدا، بە پێویستی دەزانین، دانانی خەڵاتی ” تەیفووری بەتحایی” بۆ فیلمی دێکۆمێنتار و بەڵگەنامەیی، ڕابگەینین.
ئەم خەڵاتە کە بە هیمەتی چەند کەس لە فیلمسازانی کورد و ئاشقانی فەرهەنگ و کلتووری کوردی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دادەمەرزێت، بەو بەرهەمانە پێشکەش دەکرێت، کە لە بواری سینەمای موستەند و بەڵگەنامەییدا، بە شێکەوازێکی نوێ و داهێنەرانە دەپەرژێنە سەر کێشەی کورد لە چوارپارچەی کوردستان و هەر شوێنێکی دیکەی دونیا و داکۆکی لە ئازادی و مافی سەربەستی نەتەوەکان لە جیهاندا دەکەن، بەرهەم دێن .
زانیاری زیاتر لە چۆنیەتی کاری خەڵاتەکە، دواتر لە ڕاگەیندراوێکی تایبەت دا، بڵاو دەکرێتەوە.
پێویست بە ئاماژەیە، کە ئەم خەڵاتە، سەربەخۆیە و لە چوارچێوەی هیچ حزب و سازمان و رێکخراوێکدا کار ناکات .
هەر لەم پێوەندییەدا، داوا لە ئێوەی بەڕێز دەکەین، کە بەقەدەر توانا، دەرفەت و خولیاتان، لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەم ئەرکە پیرۆزەدا، یاریدەرمان بن.
بەدەرفەتی دەزانین کە هەر لێرەوە، سەرەخۆشی خۆمان بە بنەماڵەی بەڕێزی کاک تەیفوور و هەموو ئازادیخوازان و ئەمەکدارانی هونەری کوردستانی ڕابگەیەنین و ئارزووی سەبووریان بۆ بخوازین .
بەرز و بەڕێزە یاد و ناوی نەمر تەیفووری بەتحایی .
دەستەی دامەزرێنەری خەڵاتی تەیفوور.
]]>لەدەستدانی کاک تەیفوور و کەسایەتیی لەو چەشنە خەسارێکی گەورەیە بۆ شۆڕشی کوردستان و جێگەی واڵای کەسانی وا بە زوویی و ئاسانی پڕ ناکرێتەوە.
کاک تەیفوور بەشێکی زۆر لە تەمەنی خۆی خستە پێناو خەبات کردن بۆ بەدیهێنانی کۆمەلگەیەکی یەکسان و ئازاد، نەمانی جیاوازی چینایەتی و سەرمایەداری، کوردستانێکی ئازاد و ئێرانێکی دیمۆکراتیک و لەو ڕێگەشدا گەلێک کۆسپ و تەگەرەی،هەر لە سیاچاڵەکانی ڕژیمی پاشایەتی بگرە تا ژیانکردن لە تاراوگە دیت بەڵام کۆڵی بە زۆرداریی هیچکام لە ڕژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی ئێران نەدا.
وەکوو پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ديسانەوە سەرەخۆشی لە ئێوەی هێژا دەکەین و لەم خەسارەدا خۆمان بە شەریکی خەمتان دەزانین. هەروەها سەرلەنوێ پەیمانی خۆمان لەگەڵ هەموو ئارمان و ئامانجەکانی کاک تەیفوور نوێ دەکەینەوە، و بە دڵنیاییەوە هەتا گەیشتن بە ئاواتەکانی تەیفوورەکان بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد دەست لە بەدیهێنانی ئازادیی گەل و وڵات بەرنادات و لەم پێناوەدا تێکۆشانی بێ وچانی خۆی دەکات.
لەگەڵ ڕێز و حورمەت
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان کۆمیتەی یۆتۆبۆری.
نەمر تەیفووری بەتحایی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی، لە بنەماڵەیەکی فەرهەنگی دا، لە گەڕەکی جەوراوای شاری سنە، لە دایک بوو. هەر لە هەڕەتی لاویدا بە دونیای پڕ لە رەنج و ستەم و ئاواتەکانی چینی چەوساوە ئاشنا بوو، پاش تەواو کردنی خوێندن و وەرگرتنی دیپلۆم، دەورەی سەربازییەکی لە سوپای دانشی ئەو کاتدا، لە گوندەکانی تورکمان سەحرا بەسر برد و هەر لەوێش لەگەڵ ژیانی پڕ لە ئازار و هەژارانەی نەتوەیەکی دیکە ئاشا بوو . ئەم ئاشنا بوونەی بە لایەنەکانی ژیانی خەڵک، دواتر و لە کاتی خوێندنی لە ” مدرسە عالی فیلم و سینەما” لە تاراندا، بوو بە بنچینەی فکر و ڕوانین وئەندێشەی گەنێکی چاو کراوە، کە دواتر لە فیلم و کتێب و وتارەکانی دا، ڕەنگی دایەوە .
کاک تەیفوور پاش تەواو کردنی خوێندنی لە تاران، لە شاری شیراز گیرسایەوە و هەر لەوێ بوو کە لەگەڵ “کەرامەتی دانشیان” زۆرتر ئاشنابوو . لەو سەردەمەدا رژیمی پەهلەوی بوونی زیندانی سیاسی لە وڵاتی ئێراندا ئینکار دەکرد، دانشیان و بەتحایی و دوو کەسی دیکە، بۆ ئاشکرا کردنی ئەم درۆیە، پلانێکیان داڕشت تا بەوبۆنەوە، داوای ئازادی زیندانیانی سیاسی بکەن و بە دونیا ڕابگەینێن کە لە ئێرانی ئەو کاتدا، چ حەقیقەتێک دەشاردرێتەوە. بە کەشف بوونی پلانەکەیان، هەموو ئەندامانی گرووپ دەگیرێن و لە نادادگای نیزامی دا، بە ئیعدام مەحکووم دەکرێ و سەرئەنجام سزاکەی دەکرێتە مانەوەی هەتایی لە زینداندا.
پاش ئازادی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا، تەتفووری بەتحایی تێکۆشانی سیاسی خۆی لە بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستاندا پەرەپێدەدا و لە هەمان کاتدا، وەکوو پێشەنگێکی بورای سینەمای موستەند، ژیان و خەباتی خەڵک تۆمار دەکات و ئاکامی ئەم کارەی ەم چەند فیلمە دا دەبێت :
” رەنج”، “نان و ئازادی”، “کۆچ”، “رۆشنایی شمەکان ” . هەروەها لە کاتی نیشتە جێ بوونی لە هەندەران، فیلمی سینەمایی” گەلە گورگ” بەرهەمدێنێ .
فیلمی کۆچ لە فستیواڵێکی فەرانسەدا، ڕێزی لێدەگیرێ و نان و ئازادی بە یەکێ لە دیارترین و درەوشاوەترین دێکۆمێنتهایەک دێتە ئەژمار کە تا ئێستە لە سینەمای موستەندی دەروەست و موتەهێدی کوردستاندا، هاتوەتە بەرهەم .
مەودای کاری هونەری بەتحایی تەنیا نەبەستراوەتەوە بە سینەمای موستەندوە، ئەم رۆشنبیرە هونەرمەندە، جگە پەروەردە کردنی دەیان کادری تەلوویزیۆنی لە باشووری کوردستان و بەڕێوەبردنی چەندین ساڵەی دەورەی فیلمسازی لە وڵاتی سوئید، لە بواری نووسینی دا، چالاکانە قەڵەمی خستوەتە گەڕ و جگە لە دەیان وتار و ورگێڕان، ئەم کتێبانەی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردوە :
“ژیان بە دەم زریانەوە، بەرگی ١ و ٢،” “سەفەری خەیاڵ”، “سەد ساڵ گەشەی کۆمەڵایەتی سوئێد”، “مافی ژن لە کۆمەڵی کوردی دا، بەرهەمی هاوبەش لە گەڵ ژیلا خانمی هاوسەری”، “ژیان وەکوو خۆی” .
پێگەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و هونەری کاک تەیفوور، بۆ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان، مایەی شانازییە ، هەر بۆیە ئێمە هاوڕێیان، دۆستان و لایەنگرانی بەرهەمەکانی نەمر تەیفووری بەتحایی، وێڕای داخوکەسەرمان بۆ کۆچی ئەم خەباتکار، نووسەر و هونەرمەندە دەروەست و داهێنەرە،یاد و ناو و یادگارییەکانی بەرز دەنرخێنین و خۆمان بە هاوخەمی بنەماڵەی بەڕێزیان دەزانین .
]]>